بۆ شۆفێرە نوێیەکان | چەند ڕێنماییەک کە وا دەکات سەلامەت بیت لەکاتی شۆفێریکردندا

پابەند بوون بە یاسا و ڕێنمایی و هێماکانی هاتووچۆ،  پێویستە لەسەر شۆفێرە نوێیەکان فێری سەرجەم یاساکان و ڕێنمایی و هێماکانی هاتووچۆ بن و تێبگەن لە بڕگەکانی و پەیڕەوی بکەن و بەکاری بهێنن
١: شۆفێریکردن بە خێرایی ڕێگەپێدراو و لۆژیکییانە: خێرایی لە ڕادەبەدەر یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییە کوشندەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بە تایبەت لە نێوان چینی گەنجاندا، هەرچەندە خێرایی ئوتومبیلەکە زیاد بکات کاتی زیاتر پیویست دەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیلەکە.
٢: پشکنین و چاکسازی لە ئوتومبیلدا: ئەم خاڵە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەککەوتنی ئوتومبیل و لەهەمان کاتدا کەمکردەوەی ئەگەرەکانی رووداوی هاتووچۆ، بۆیە زۆرگرنگە دڵنیابیتەوە لە جۆری ڕۆنی ئوتومبیلەکەت، پشکنینی هەوا و کۆنی و نوێیی تایەکان، پشکنینی ڕێژەی ڕۆن ئیستۆپ، وە تێکردنەوەی بەنزین پێش ئەوەی تانکییەکە بە تەواوی بەتاڵ ببێتەوە.
٣: بەستنی پشتوێنی دڵنیایی: پێویستە شۆفێر و سەرجەم سەرنشینانی ناو ئوتومبیل پشتوێنی دڵنیایی بەکاربهێنن.
٤: سەرنجدان: پێویستە شۆفێر لەکاتی شۆفێریکردندا بە تەواوی سەرنجی لەسەر ڕێگاکە بێت و خۆی سەرقاڵ نەکات بە بەکارهێنانی مۆبایل، خواردن، خواردنەوە، زۆر دەستکاریکردنی ڕادیۆ و پلەیەرەکان چوونکە رووداوەکانی هاتووچۆ لە چەند چرکەیەکدا ڕوودەدات و دەتوانرێت ئەمانە فەراهەم بکرێن بە دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی کە دەبنە هۆی شێواندنی سەرنجی شۆفێر بۆ ڕێگاکان.
٥: پشکنینی ئاوێنە و کوشن: پێویستە شۆفێر پێش دەستپێکردن بە مانۆڕی شۆفێریکردن دڵنیابێتەوە لە ڕێکخستنی ئاوێنەکان بۆ ئەوەی بینینێکی باشتری هەبێت، هەروەها ڕێکخستنی کوشنی شۆفێر لە ئاستێکدا کە جەستەی ڕێک و ئاسوودە بێت کە بەم شێوەیە بوو درەنگتر جەستە هیلاک دەبێت.
٦: شۆفێری نەکردن لەکاتی نەخۆشی یان هەست کردن بە ماندوویی و خەواڵوویی، یان لەکاتی بەکارهێنانی ئەو دەرمانە پزیشکییانەی کەدەبێتە هۆی گێژی و خەواڵوویی، وە خۆت بەدووربگرە لە شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری مەی و ماددە هۆشبەرەکان، هەموو ئەمانە ئەگەرەکانی تووشبوون بە ڕووداوی هاتووچۆ زیاد دەکات.
٧: کەش و هەوا: هەمیشە چاودێری ڕەوشی کەش و هەوا بکە، لەبەرئەوەی شۆفێریکردن لە کەش و هەوای بەفر و باراناوی سەختترە، وە دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە مەترسی لافاو یان بەستنی شەقامەکانی لێ دەکرێت.
٨: بەڵگەنامەکان: دڵنیاکردنەوە لەوەی کە سەرجەم بەڵگەنامەکانی وەک ( مۆڵەتی شۆفێری، ساڵانەی ئوتومبیل) پێبێت.
٩: پێویستە شۆفێر ئاگاداری ئەوە بێت کە ( ئاگرکوژێنەوە، سێگۆشەی فسفۆری، تایەی سپێر و جەگ و سپانە، بۆکسی فریاگوزاری سەرەتایی) لە ئوتومبیلەکەیدا هەبێت.
١٠: ئەم ژمارانەت هەمیشە لە یاد بێت
کۆنترۆڵی هاتووچۆ ١٨٨
فریاگوزاری تەندروستی ١٢٢
بەرگری شارستانی ١١٥
پۆلیسی فریاکەوتن ١٠٤
ئاسایش ١٠٦

 

 

ئەم بابەتە لە ماڵپەری هاتوچۆی سلێمانی وەرگیراوە